بازدان بۆ ناوەڕۆک
گەڕانەوە بۆ لیست

ژووری هەواڵ ·

بۆ یەکەم جار لە مێژوی چاپەمەنی کوردیدا وەک (دەزگای چاپ و پەخشی ئەتڵەس) توانیمان بەشداری بکەین لە 36 هەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە تاران

بۆ یەکەم جار لە مێژوی چاپەمەنی کوردیدا وەک (دەزگای چاپ و پەخشی ئەتڵەس) توانیمان بەشداری بکەین لە 36 هەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە تاران

For the first time in the history of Kurdish publishing, we as Atlas Publishing House were able to participate in the 36th International Book Fair in Tehran

بۆ یەکەم جار لە مێژوی چاپەمەنی کوردیدا وەک (دەزگای چاپ و پەخشی ئەتڵەس) توانیمان بەشداری بکەین لە 36 هەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە تاران ی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی فەرمی و بە ئاڵا جوانەکەی کوردستانەوە لە بەرواری 7 تا 17 ی 5 ی 2025 .

هاوکات توانیمان پەرتوکی چەند ناوەندێکی کوردی بەرینە پێشانگاکەو بیانخەینە بەر دیدی خوێنەرانی زمانی شیرینی کوردی کە خۆی لە سەدان ناونیشاندا دەبینیەوە !

لێرەدا مەبەستمە لە چەند گۆشەنیگایەکەوە باسی ئەو بەشداریکردنە بکەم :

١- لە ڕوی مەعنەوییەوە بەهایەکی زۆر زۆر گەورە و ماناداری هەبو نەک تەنها بۆ دەزگای ئەتڵەس بەڵکو بۆ هەمو کوردانی ڕۆژهەڵات و ناوەندەکانی ڕۆژهەڵات و ئەو نوسەر و وەرگێڕ ڕۆشنبیر و خوێنەرانەی کە سەردانیان کردین .

مامۆستاو و خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران زۆر بە بایەخەوە دەیانڕوانیە بەشداریکردنەکەو بە هەنگاوێکی گەورە و گرنگ وەسفیان کرد .

٢- لە ڕوی سیاسیەوە ناوەندێکی کوردی بەشێوەیەکی فەرمی و بە دانانی ئاڵای کوردستانەوە ببوە جێی سەرنجی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و تەنانەت ئەو کەسایەتی و ناوەندە بیانیانەش کە بەشدارییان کردبو لە پێشانگاکەدا سەردانیان دەکردین و بە تێڕامانەوە دەهاتنە ژورەکەی دەزگای ئەتڵەس و دەستخۆشییان لێدەکردین .

٣- وەک خزمەت بە زمان و کەلتور و ئەدەبی نەتەوەی کورد باشترین وێستگەبو بۆ ئاشناکردنی نەتەوەکانی دیکە لەڕێگەی کتێب و دواندنی ڕاستەوخۆی سەردانیکارانی نەتەوە جیاجیاکانی ناو ئێران و ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و کەلتوری و گوێزانەوەیان بۆ یەکتری .

٤- بەگشتی ژورەکەی دەزگای ئەتڵەس وەک نوێنەری هەرێمی کەردستان تەماشا دەکراو بە ئاڵای کوردستانەوە ببوە مایەی خۆشحاڵی بۆ هەمو ئەو کەسانەی کە سەردانیان کردین .

دیارە هەر هەنگاوێکی یەکەمجار بێ کەم و کوڕی نابیت ، ئێمەش وەک یەکەم ئەزمون کە بەشداریمان کردبو لە پێشانگایەکی دەرەوەی وڵات ئاساییە ئەگەر کەم و کەسریشمان بوبێت ، بەدڵنیاییەوە بۆ ساڵانی داهاتو پلانی باشترمان دەبێت ،

هەرچەندە یەکەم ئەزمونمان بو بەڵام لە شوێنێکی ستراتیژیدابوین وبە هاوکاری زۆر بەڕێز کاک مەریوان هەڵەبجەیی نوسەر و وەرگێری هەڵەبجەیی ناسراو لە ئێراندا کە نوێنەری فەرمی دەزگای ئەتڵەس بو بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ژورەکە هەروەها دەزگا بەشداربوەکانی هاوڕێمان کە بریتی بون لە دەزگای سەردەم و تیشک و فام و تەفسیر هەروەها کاکە سینا کە هونەرکار و میدیاکارێکی ڕۆحسوک بو بەسەرکەوتویی بەڕێمانکرد ،

ئێمە ئەوەی کە لە تواناماندا بو درێغمان نەکرد و ئەنجامماندا ، هەرلە سەرەتای پلاندانانمانەوە بۆ بەشداریکردن لەو پێشانگایەدا کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ کە وەک میوانی تایبەت بەندە لەلایەن ڕێکخەری پێشانگاکەوە (خانەی کتاب) ی تاران بە فەرمی بانگهێشت کرابوم بۆ مەراسمی کردنەوەی خولی ٣٥ ی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبی تاران و لەمیانەی سەردانەکەماندا گرێبەستی هاوکاری نێوان دەزگای ئەتڵەس و خانەی کتاب ئیمزاکرا ، کە ئەم بەشداریەی ئەمساڵ لێکەوتەی ئەو ڕێکەوتنەبو و دەسکەوتێکی کەم نەبو !.

ئەوەی جێگای سەرنج بو ئەم چەند خاڵەی خوارەوەیە !

١- بێجگە لە کەناڵی گەلی کوردستان و کەناڵی کوردسات کە بە سوپاسەوە ڕوماڵی ژورەکەی ئێمەیانکرد ،هیچ کەناڵێکی کوردی هەرێمی کوردستان ڕوماڵی ئەو هەنگاوە گرنگەیان نەکرد .

٢- هیچ بەرپرسێکی حکومی و نوێنەرایەتی حیزبی و حکومی سەردانیان نەکردین .

٣- ڕاستە ئێمەش بە فەرمی کەسمان بانگهێشت نەکردبو بەڵام ئەوەش بە هۆکاری ئەوەبو کە تا هەفتەیەک پێش کردنەوەی پێشانگاکە دڵنیا نەبوین لە بەشداریکردنمان ، چونکە :

سەرەڕای ئەوەی کە لە مانگێک پێش پێشانگاکەوە هەمو ناوەندەکانی چاپ و بڵاومردنەوەمان لە ڕێگەی سۆشیالمیدیاو گروپی تایبەت بە ناوەندەکانەوە ئاگادارکردبۆوە بەڵام بە داخەوە هیچکام ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریکردن نیشان نەدا تا چەند ڕۆژێکی کەم مابو بۆ پێشانگاکە بە تەکلیفی شەخسی ئەو چەند ناوەندەمان ڕازیکرد کە بەشداربن کە ئەوەش دیسانەوە جێگای هەڵوێستەلەسەرکردنە !

٤- سەیر لەوەدابو سەرەڕای ئەوەی پێشتر لیستی ئەو کتێبانەی بردبومان ناردبومان بۆ ڕێکخەری پێشانگاکە بەڵام لە لایەن بەشی چاودێری پێشانگاکەوە چەندین سەرچاوەی ئاینی کە لەلایەن ناوەندێکی بەشداربو لەگەڵمان هێنرابون ڕێگرییان لێکرا بیانبەینە ناو ژەرەکەوە ، لە کاتێکدا زۆربەشیان هەرلە ئێران چاپکرابون !

٥- سەرنجێکی دیکە ئەوەبو پێشانگاکە لە کۆمارێکی ئیسلامیدا بەڕێوەدەچو ، کەچی هەندێک برادەری سەردانیکار لە کوردانی ڕۆژهەڵات دەهاتن ڕەخنەیان لەوەدەگرت کە بۆچی کتێبی ئاینیتان هێناوە !؟

٦- بێجگە لەوەی کە وەزیری فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی ئێران سەردانی ژورەکەی ئێمەی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی ، چەندین کەسایەتی و بەرپرسی دیکەی ئێران سەردانیان کردین و دەستخۆشیان لێکردین ، بەڵام لە کوردستان تەنانەت لە پەیجی سولی ئێکسپۆشدا کە تایبەتە بە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی چەند پۆستێکمان لەسەر ئەو بەشداریکردنە کردوە بەڵام هیچکەس بە کۆمێنتێکیش بەشداری نەکردوە ! نە بە نرخاندن و نە بە پێچەوانەکەشی !!!

ئەمە چیمان پێدەڵێ ؟

حەزدەکەم ئێوە داوەربن :!

پەیامی کۆتاییم ئەوەیە دەڵێم :

ئێمە بەردەوام دەبین لە خزمەتکردن بە کەلتورو ئەدەبی نەتەوەکەمان و ……..

( لا نُرِيدُ مِنْكُمْ جَزَاءً وَلا شُكُورًا )

حسن رحیم احمد

ڕێکخەری پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب / لە سلێمانی

وێنەکان

ژووری هەواڵزیاتر ببینە